|
|
|
كورته‌چیرۆك:
ئه‌و سێوه‌ی
دایکیشم به
خواردنی گوناهباری
کردم
|
|
من لێره‌دا
وای ده‌گوزه‌رێنم،
گه‌رچی ته‌نها
هه‌نووکه
باوه‌ڕم به‌وه
هێناوه، له‌م
زه‌مه‌نی ته‌کنۆلۆژیا
و پێشکه‌وتندام
هیچ کچێک به‌ها
و نرخێک بۆ ئه‌و
«ترس»ه دانانێت
که سه‌رتاپای
منی ته‌نیوه.
ئه‌وه‌تا بێ
سڵه‌مینه‌وه،
له هیچ ئاره‌زوویه‌ک
خۆیان بێبه‌ش
ناکه‌ن و ئازایانه‌ش
یاداشتی ده‌که‌ن
و بۆ دایکانی
ده‌گێڕنه‌وه،
ئه‌وانیش به
چاوی گه‌وره
گوێیان لێده‌گرن
و لێیان ده‌نواڕن.
به‌ڵام ئه‌و
بڕوای نه‌کرد
و گوتی «ئه‌وه
که‌ی له زه‌مه‌نی
ئه‌ندازه
تێکشاوه‌کاندا
به‌رجه‌سته
بووه، ئه‌وێ
لێره ناچێت،
له‌وێ ترس ته‌نها
له وشه‌که
خۆیه‌تی که (ترس)ه».
ویستم ئه‌مجاره‌یان
وشه‌کانم کۆبکه‌مه‌وه
و زووتر بڵێم
«کوێ»، که‌چی
بواری نه‌دام
هه‌ر خێرا به
دوایدا گوتی:
ــ ئه‌وێنده‌ر
هه‌میشه نرخی
مرۆڤ له‌گه‌ڵ
کرده‌وه هه‌نووکه‌ییه‌کانیدا
ده‌گرن. ئه‌وێی
کراوه و ئێره‌ی
داخراو، حیکمه‌ت
به ئه‌زموونی
وتیان ده‌به‌خشێت.
هه‌وڵم دا
هه‌ندێک بواری
مێشکم بدا و،
له‌و ئه‌وێیه
نه‌پرسم به‌ڵکو
ته‌نها ئه‌و
ده‌سته‌واژه‌یه،
به نووسراوه
سواوه‌کانی
سه‌ر دیواره‌کانی
ئێره به‌راورد
بکه‌م، به‌ڵام
هه‌ر زوو هه‌ڵیدایه
و گوتی:
ــ هه‌ربۆیه
دایکان گوێ
ده‌گرن و له‌و
هه‌نووکه‌ییانه
په‌شیمانیان
ناکه‌نه‌وه.
ئه‌زموون به
حیکمه‌تی ژیان
دێننه ژماردن،
گه‌رچی ئه‌زموونی
دۆڕاویش بێت،
به‌بێ ئه‌وه‌ی
جڵه‌وگیری
ئه‌و ئێستایه
بن. داهاتووش
له سه‌ر ڕووی
ئاوێنه بێگه‌رده‌کان
ده‌خوێننه‌وه
به‌بێ ده‌سته‌واژه‌ی
ده‌ستکرد و
تۆقێنه‌ر.
ئه‌م ڕسته‌یه‌ی
دوایی تووشی
سڵه‌مینه‌وه‌ی
کردم. ته‌زوویه‌کی
سارد پشتی ختۆکه
دام. چه‌نده
ویستم ئه‌و
خه‌ونه‌م بیرنه‌که‌وێته‌وه
که ئه‌و شه‌و
بینیم. به‌ڵام
به‌خۆم نه‌بوو
گه‌ڕامه‌وه
بۆ خه‌ونه‌که‌ی
ئه‌وێی مناڵیی.
ئه‌و خه‌ونه‌ی
ته‌نها دوو
ڕۆژ به‌سه‌ر
(باڵق)بوونمدا
تێپه‌ڕیبوو،
بینیم له خه‌ونمدا
چووبوومه
حه‌وشه‌ی پشته‌وه‌ی
قوتابخانه‌که‌مان.
که ئه‌وێ ته‌نها
یه‌کدوو بندڕکی
گه‌وره‌ی لێ
ڕوابوو، چه‌ند
ته‌په پیسایی
مرۆڤ و سه‌گه‌که‌ی
تێدا که‌وتبوو،
ئه‌و سه‌گه‌ی
هه‌میشه له
پشته‌وه‌ی
قوتابخانه‌که‌یه
و ئه‌ڵێی به‌ڕێوه‌به‌ر
به چاو‌دێر
دایناوه،
نه‌ک له ئاسمانه‌وه
نێرینه‌یه‌ک
خۆی بهاوێته
نێو قوتابخانه‌که
و له‌گه‌ڵ ئه‌و
کچانه‌ی که
به‌ڕێوه‌به‌ر
نه‌یده‌هێشت
مامۆستای پیاوی
گه‌نجیش وانه‌یان
پێ بڵێته‌وه
ژوانێک ببه‌ستن.
هه‌رگوێقوڵاخ
و چاوبز
به هه‌ر چوار
لادا ده‌ینواڕی.
منیش له ترسی
سه‌گه‌که
و کچی باشێکیش
که هه‌واڵی
لای به‌ڕێوه‌به‌رم
لێ بدات هه‌موو
جه‌سته‌م هه‌ڵنیشتبوه
ئاره‌قێکی
سارد، ده‌ترسام
دوایی هه‌تا
ئێواره بڵێم
هاتووم له
دواوه سه‌یرێکی
(ته‌نووره)
خۆڵه‌مێشییه‌که‌م
بکه‌م بزانم
په‌ڵه‌یه‌ک
خوێنی نه‌گرتووه؛
باوه‌ڕم پێنه‌کات
و ببم به جێگه‌ی
پێکه‌نین و
سه‌رنجی هاوه‌ڵه‌کانم.
دڵنیا بووم
که پاڕانه‌وه‌م
گوێی ئاسمانی
که‌ڕ بکردایه
نه‌ک جارێک
هه‌زار جار
ڕازی خۆم یاداشت
کردایه به‌ڕێوه‌به‌ر
باوه‌ڕی پێ
نه‌ده‌کردم.
گه‌ر بزانی
گه‌یشتووم
به‌و حه‌ساره‌ی
که دیواره‌که‌ی
دوو مه‌تر چووه
به ئاسمانا
و ته‌نها په‌ڵه
هه‌وره‌کان
و سه‌گه سپیم
لێوه دیاره.
بۆنی پیساییش
که‌پۆی قانگ
داوم. هه‌رگیز
وا تێناگا و
متمانه‌شم
پێناکات. بۆیه
له دڵدا ده‌پاڕامه‌وه
گه‌ر پێی زانیم
هه‌ر له خۆڕسک
و خێرا (ته‌نووره)
که‌م یه‌کدوو
په‌ڵه‌ی سوور
بگرێت و بۆ ئه‌وه‌ی
بزانێت ئه‌و
مه‌به‌سته
گه‌یاندوومی
بۆ ئه‌وێ. جارێکی
دیش تووشی گومان
و دڵه‌ڕاوکێ
ده‌بووم و ده‌ترسام
ئه‌و کاتیش
نهێنییه‌که‌م
نه‌پارێزێ
و بنێرێت به
شوێنی دایکما
و هه‌موو شتێکی
تێبگه‌یه‌نێت.
ئه‌وی ئه‌و
خوێندکارانه‌ی
که هه‌میشه
به ده‌وروپشتی
ژووری به‌ڕێوه‌به‌ردا
دێن و به دوای
هه‌ر شتێکدا
ده‌گه‌ڕێن
له پێناوی
نمره‌یه‌کدا،
ده ئه‌وه‌نده‌ی
دیشی بخه‌نه‌پاڵ
و به مامۆستاکانی
قوتابخانه
بڵێنه‌وه
ئاخر مامۆستاکانیش
وه‌کو دایکم
کۆمه‌ڵێ چاو‌دێر
و سانسۆریان
دانابوو بۆ
ئه‌وه‌ی هه‌ر
که‌سێک بڵێ
(له‌ل) پێیان
بگاته‌وه.
چۆن له ماڵه‌وه
پیاڵه‌یه‌ک
به ده‌ستمه‌وه
بشکایه دایکم
ئێواره بۆ
باوکمی ده‌گێڕایه‌وه،
به‌ڕێوه‌به‌ریش
هه‌ر خوێندکارێک
ورته‌یه‌کی
له لا بکردایه
خێرا ده‌ینارد
به شوێنی باوکماندا.
کێ ده‌ڵێ ئه‌و
جاریش نانێرێت
به شوێنی باوکما
و ئه‌ویش پاش
ئه‌وه‌ی له
قوتابخانه‌م
ده‌ردێنێ و
له به‌ر ده‌می
قوتابییه‌کاندا
ڕیسوام ده‌کات
ده‌مباته‌وه،
ئه‌و کات هه‌موو
قوتابییه‌کان
ده‌ده‌ن له
قاقای پێکه‌نین
«ئه‌وه کچه
بێ ڕه‌وشته‌که‌یه،
ئه‌وه کچه
لێ قه‌وماوه‌که‌یه».
به‌بێ ئه‌وه‌ی
به خۆم بزانم
ترس فرمێسکی
به خۆڕی به
چاومدا ده‌هێنایه‌خوارێ
و ڕوومه‌ته
قڵیشاوه‌کانمی
ده‌کزانده‌وه.
بۆ چاره‌سه‌رێک
ده‌گه‌ڕام،
له تیشکی ڕۆژم
ده‌نواڕی و
ده‌پاڕامه‌وه
په‌رجوویه‌ك ڕووبدات
و هه‌تا بۆ لای
خۆییم ڕاکێشێت،
ئیتر نه که‌س
ببینم له‌وانه‌ی
ده‌یانناسم
و نه گوێم له
که‌س بێت... ئاخ
گوێگرتنم چه‌ند
لا گران بوو.
هه‌موو ده‌نگه‌کان
دژم ئاراسته
بوون. بۆیه
هه‌ر له نزادا
بووم. ئه‌وه‌بوو
ئه‌ویش نزاکانی
په‌سند کردم...
به‌ڵام چه‌ند
عه‌یب بوو،
که کوڕێکی
که‌ڵه‌گه‌تی
گه‌نمڕه‌نگی
به سواری ئه‌سپێکی
سپییه‌وه
بۆ ناردمه
خواره‌وه.
سه‌ره‌تا لێم
هاته‌پێشێ
و به‌و ده‌سته
نا، که قامچییه‌کی
ڕه‌نگ قاوه‌یی
پێ‌گرتبوو،
به ده‌سته‌که‌ی
دی که په‌ڕه‌یه‌ک
له ناو په‌نجه‌کانیدا
جێگیربوون
فرمێسکه‌کانی
سڕیم.
ترس هێنده‌ی
تر جه‌سته‌ی
هێنامه له‌رزین.
ئه‌وه‌نده
سه‌یری ئه‌ملا
و ئه‌ولای خۆم
ده‌کرد وه‌کو
ڕه‌نگی پێست
و تارمایی ده‌زانم
نێرینه بوو.
چاودێریکردنی
چوار ده‌وری
خۆم، مۆڵه‌تی
نه‌دام به
باشی سه‌یری
ڕوخساری بکه‌م
و بزانم ڕه‌نگی
چاوی چۆنه،
هه‌ر نازانم
وه‌کو زۆربه‌ی
پیاوانی دی
سیمایه‌کی
زبر و زمانێکی
هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنی
هه‌بوو، خۆشی
ویستم یا نا؟!
ئه‌وه‌شیان
هه‌ر نازانم...
من ته‌نها ده‌مویست
ڕزگارم بکات.
که‌چی
ئه‌ویش به
سۆزتر له پێشوو
به زمان ئه‌سرینه‌کانی
سڕییه‌وه...
وه‌ی له‌و ختووره‌ی
به دڵی مندا
هات، ده‌روونی
دوژمنیش به‌و
شێوه‌یه مڵه‌ما
نه‌کات. ئه‌و
شه‌رمه‌زاربوونه‌ی
من شه‌رمه‌زار
بووم که تارمایی
باوکم بینی
له دووره‌وه
به‌ره‌و ڕووم
ده‌هات، نه
ده‌بووم به
دڵۆپێ ئاو و
به زه‌ویدا
ڕۆبچم، نه ده‌بووم
به باڵنده‌یه‌ک
و به ئاسماندا
بفڕ‌م.
بۆ نه‌فڕیم؟
جا ئه‌وه‌بوو
کاتێ چاوم له
سه‌ر تارمایی
باوکم گواسته‌وه
په‌شمه‌کی
هه‌ورمان ده‌دا
به سه‌ردا،
ئه‌و ئاوزه‌نگی
له ئه‌سپه‌که
ده‌دا و، منیش
گه‌رمی دڵم
(تا)ی له پشتی
ئه‌و هێنابوو،
ترپه‌ترپی
دڵیشم به ئاشکرا
ده‌بیسترا،
خه‌ریک بوو
ده‌گه‌یشتمه
ئه‌و په‌ڕی
له‌زه‌ت. که
ئاوڕم له خواره‌وه
دایه‌وه،
تارمایی باوکم
گه‌یشتبوو
به حه‌ساری
پشته‌وه‌ی
قوتابخانه‌که‌مان
و په‌نجه‌ی
شایه‌تومانی
لێ ڕاده‌وه‌شاندم.
ئه‌مه‌یان
هه‌ر به یه‌کجاری
پرزه‌ی له‌به‌ر
بڕیم. خۆت ده‌زانی
باوک به‌و شێوه‌یه
بتبینێ یانی
چی؟!
بۆیه ئه‌وه‌نده
له‌رزیم هه‌تا
ده‌ستم له
پشتی سوارچاکه‌که
ترازا و به
سه‌ردا که‌وتمه‌خوارێ.
ئه‌ویش هه‌ر
ئاوڕی لێ نه‌دامه‌وه
و تێپه‌ڕی. هه‌ر
له‌وێ زانیم
ده‌ردی به‌جێهێشتن
چه‌نده گرانه.
که‌چی کاتێکیش
هاتمه‌خواره‌وه
زانیم ئه‌وه‌ی
که وامده‌زانی
باوکمه و په‌نجه‌ی
لێ ڕاده‌وه‌شاندم
باوکم نه‌بوو،
(پایه)ی دیواره‌که
بوو نه‌ک ئه‌و.
دیسان ده‌نگی
هه‌ڵبڕی و بردمیه‌وه
نێو ئه‌و ڕستانه‌ی
که نه‌مده‌وێرا
له‌گه‌ڵ خۆشما
و له بیابانێکی
چۆڵیشدا قسه‌ی
له سه‌ر بکه‌م.
ئه‌و ڕستانه‌ی
هێنده‌ی سه‌ر
و بۆر بۆ داده‌نا
هه‌ر لێی تێنه‌ده‌گه‌یشتم،
یا ڕاستتر بڵێم
خۆمم لێ ناحاڵی
ده‌کرد. ئه‌مویست
بڵێن که‌سێکی
هه‌ژاره و
له هه‌ندێ
شت تێناگات.
که‌چی ئه‌و
قاقا پێم پێکه‌نی
و گوتی: «تۆ هه‌ر
له به‌ئاگابوونتا
ترسنۆکیت،
له خه‌ونه‌کانیشتا
هه‌ر ترسنۆکی».
ڕاچڵه‌کین
خوێنی زانده
هه‌ر دوو چاوم،
وام هه‌ست ده‌کرد
سه‌رم ده‌کوڵێت
و هه‌ڵمێکی
شێداری لێ به‌رزده‌بێته‌وه،
له دڵی خۆمدا
گوتم خۆ من لای
که‌س ئه‌و خه‌ونه‌م
نه‌گێڕاوه‌ته‌وه،
چۆنی زانیوه
چۆن؟ وا به‌و
شێوه‌یه پێده‌که‌نێت.
که‌چی
ئه‌و ده‌نگی
له جاری پێشووتر
زیاتر هه‌ڵبڕی
و هێنده پێکه‌نی
سێ جار ڕسته‌که‌ی
دووپاتکرده‌وه،
ئه‌وجا زانیم
ئه‌ڵێت:
ــ ئه‌وه‌ی
تۆ لێی ئه‌ترسایت،
سروشتی هه‌موو
مێیینه‌یه‌که
که‌چی تۆ وات
ده‌زانی ده‌رئه‌نجامی
بێ ئابڕوییه‌تێکه
که ئه‌نجامت
نه‌دابوو.
«سروشتی
هه‌موو مێیینه‌یه‌ک»،
ئه‌ی بۆ هه‌رگیز
ئه‌و سروشته‌م
به دایکم و
خوشکه‌که‌مه‌وه
که له منیش
گه‌وره‌تر
بوو نه‌بینی،
یا جارێک باسیان
له‌و سروشته
نه‌کرد، ئه‌ی
دایکم به مناڵی
هه‌موو جارێ
پێی نه‌ده‌گوتم:
ــ له کۆڵان
له‌گه‌ڵ کوڕان
یاری نه‌که‌ی
عه‌یبه.
ــ دایکه
عه‌یبه یانی
چی؟
ــ واته خوا
ده‌تخاته
جه‌هه‌نه‌مه‌وه.
«جا
ئیتر قسه‌ی
چی؟ من له‌گه‌ڵ
کوڕی سه‌ر ئه‌سپه‌که‌دا
چیم نه‌کرد،
له قسه و ئاکار
ده‌رچووبوو».
ده‌نگه‌که
ئه‌مجاره
پێکه‌نینه‌که‌ی
سڕیبووه‌وه
و به هاوارێکی
پڕ ترس و ڕقه‌وه
وتی:
ــ گه‌مژه
ئه‌وه خه‌و
بوو... خه‌و.
جا با خه‌ویش
بێت، خۆ ئێمه
چۆن نیوه‌ی
سوعبه‌تمان
ڕاستی یه و له
ده‌مامکی ده‌پێچین،
ئاواش نیوه‌ی
خه‌ونمان ڕاستی
یه. هه‌ندێ جار
هه‌ر به ته‌واوی
ڕاستی یه. ئاخر
ئه‌وه‌ی من
ده‌یزانم تۆ
نایزانیت وه‌کو
چۆن ئه‌وه‌ی
تۆ ده‌یزانیت
ده‌می به‌و
شێوه‌یه گه‌رم
کردوویت من
نایزانم.
ئه‌وه‌ی من
له نه‌خۆشخانه
بینیم ، تۆ نه‌تبینیوه،
من به چاوی
خۆم بینیم و
ئاگام لێ بوو
ئه‌و کچه (20)
ساڵانه له
نێو نه‌خۆشخانه‌که‌دا
وه‌کو خامی
سپی ڕه‌نگی
مردووی لێ نیشتبوو،
خه‌ڵکی لێ ورووكابوون.
دایکیشی پاش
ئه‌وه‌ی پزیشکه‌که
کچه‌که‌ی پشکنیبوو،
درکاندبووی
سکی پڕه. هه‌ر
ڕوومه‌تی دڕنی
به دیاریه‌وه،
نه‌یده‌وێرا
نه‌ک کچه‌که
خۆشی بگه‌ڕێته‌وه
بۆ ماڵه‌وه،
هه‌ر ده‌کڕووزایه‌وه
و ده‌یگوت:
ــ دکتۆر گیان،
به‌ڵکو شتێک
بکه‌یت ئه‌وه‌تا
ئه‌ڵێ پاش براکانم
چوومه‌ته
حه‌مام و له
سه‌ر ئه‌و ته‌خته‌یه‌ی
که ئه‌وان
خۆیان له سه‌ری
شتووه خۆم
شتووه. تووشی
ئه‌م به‌زمه
بووم.
پزیشکه‌که‌ش
هه‌ندێ به
چاوی پرسیار
له کچه‌که‌ی
ڕوانی و دوایی
ده‌می برده
لای گوێی دایکه‌که
و شتێکی چرپاند
به گوێیدا،
یه‌کسه‌ر دایکه
به ده‌م ئه‌یه‌ڕۆیه‌که‌وه
دای به سنگیدا
و ئیتر به‌زمی
دایک و کچ له‌وێوه
ده‌ستی پێ‌کرد.
کچه‌که‌ش هه‌ر
جه‌ختی له
سه‌ر ئه‌وه
ده‌کرد که
ئه‌وه‌ی به
خه‌و بینیوه
و له خه‌ودا
پێی کراوه،
وه‌کو خه‌وه‌که‌ی
منی بینیبوو.
من هه‌تا ئه‌و
کات، یه‌ک وشه‌م
نه‌درکاندبوو،
به پاڵه‌په‌ستۆ
هه‌ناسه‌م
ده‌دا، گه‌رچی
ئه‌و کاته
مناڵ بووم
و زۆر له مه‌سه‌له‌کان
تێنه‌ده‌گه‌یشتم.
به‌ڵام ده‌مزانی
ئه‌و کاره
به شتێکی ئێجگار
خراپ و ئابڕووبه‌ره
مه‌زه‌نه
ده‌کرێت. به‌تایبه‌ت
که دایکم ڕووی
له یه‌کێک
له‌و ژنانه
کرد که له
کچه‌که ورووکابوون،
هه‌رکه‌س به
جۆرێک ده‌دوا،
پێی گوت:
ــ کچ به‌ڵا
له شوێنه،
داوێنی خۆی
دوژمنێتی،
بۆیه هه‌قه
هه‌ر له دوانزه
ساڵییه‌وه
ملی بکه‌یت
به په‌تی ماڵ
و مێرده‌وه.
من ئه‌وکات
چوار مانگم
مابوو بۆ دوانزه
ساڵیی. ئیتر
به ته‌واوی
له خه‌می ئه‌وه‌دا
بووم، پاش ئه‌و
چوار مانگه
ملی منیش بکات
به‌و په‌ته‌ی
باسی ده‌کات.
گه‌رچی هه‌تا
ئه‌وکاته‌ش
به ته‌واوی
تێنه‌گه‌یشتم
په‌ته‌کان
چۆنن، به‌ڵام
ده‌مزانی بزنێکی
دابه‌سته‌مان
له ماڵه‌وه
هه‌بوو، ملی
کرابوو به
په‌تێکه‌وه
هه‌موو ماڵ
و مه‌مله‌که‌ته‌که‌ی
ته‌نها دوو
مه‌تری چوار
گۆشه بوو تیایدا
بجووڵێته‌وه،
دوایی ئه‌و
ڕووی له من
کرد و گوتی:
ــ ئه‌وه
ده‌رئه‌نجامی
متمانه‌بوونه
به پیاو.
هیچ له مه‌به‌سته‌که‌ی
تێنه‌گه‌یشتم
و ئه‌ویش تێبینی
حه‌په‌سانه‌که‌ی
کردبووم بۆیه
زیاتر بۆی ڕوون
کردمه‌وه
(واته له قوتابخانه
له‌گه‌ڵ کوڕدا
یاری کردووه)،
ئاوا سه‌ری
خۆی و خێزانه‌که‌ی
شۆڕکرد، بۆیه
هه‌زار جارم
پێ وتوویت و
پێت ئه‌ڵێمه‌وه.
ئه‌وه‌ی (نێر)
بوو باوه‌ڕی
پێ نه‌که‌یت
ته‌نانه‌ت
گه‌ر باوکیشت
بوو، ئه‌گه‌ر
ئوتۆمبیلێك
له ڕێگا، ماڵی
هه‌رکه‌سێکی
لێ پرسیت نزیک
نه‌بیته‌وه،
بتڕفێنێ و وات
به‌سه‌ر بێنێ.
وه‌ڵامی که‌س
نه‌ده‌یته‌وه،
خێرا به ڕاکردن
بگه به ماڵه‌وه.
شه‌وانه‌ش
(ئایه‌تولکورسی)
بخوێنه، خۆ
به‌لای ناخێرت
سێ ساڵ ئه‌بێت
فێرم کردوویت.
که‌چی له‌وانه‌یه
هه‌تا ئێستا
نه‌تخوێندبێ
و چه‌ندین خه‌وت
به دێ و درنج
و پیاوه‌وه
بینیبێت.
ئیتر به قسه‌شه‌م
کرد، له‌و ڕۆژه‌وه
ڕقم له هه‌موو
ڕه‌گه‌زێکی
نێر بوو، هیچکات
وانه‌ی مامۆستا
پیاوه‌کانم
له به‌ر نه‌ده‌کرد
و زۆربه‌ی کاتیش
هه‌ر نه‌ده‌چوومه
ناو پۆل و خۆم
ده‌کرد به
نه‌خۆش. گه‌رچی
به‌ڕێوه‌به‌ره‌که‌مان،
مامۆستای پیاو
خانه‌نشین
نه‌بوایه
به (محاضر) وانه‌ی
ده‌گوته‌وه،
نه‌یده‌هێشت
مامۆستای گه‌نج
ڕوو بکاته
قوتابخانه‌که‌مان،
ئه‌ویش هه‌ر
هه‌مان بۆچوونی
دایکمی هه‌یه،
بۆیه نه‌ک
مامۆستاکان
ڕقم له «شوان»ی
براشم بوو. که‌چی
به‌ڕێوه‌به‌ر
ئه‌ویش و هه‌م
شوانه‌کانی
دیشی خۆش ده‌ویست
و بۆ هیچ سه‌رنجێکیش
نه‌یانده‌نارد
به شوێنی باوکیاندا،
خۆ باسی باوکم
هه‌ر مه‌که،
هه‌موو شه‌وێکیش
به‌ر له نوستن
ده‌ستنوێژم
ده‌شوت و (ئایه‌تولکورسی)م
ده‌خوێند ئه‌وسا
ده‌نوستم.
به‌ڵام ئه‌و
ڕۆژه نه‌مده‌زانی
ئه‌و خوێنه‌م
بۆچی لێ دێت،
ئه‌وه‌نده
ترسام و گریام،
له دڵی خۆمدا
هه‌ر ده‌مگوت
ئه‌مه‌یه
که خه‌ڵک پێی
ده‌ڵێ بێ ڕه‌وشتی،
به‌ڵێ من تازه
بێ ڕه‌وشت بووم.
ئه‌مه ئه‌وه‌یه
که به سه‌ر
کچێکی نه‌خۆشخانه‌که‌دا
هاتبوو. ئیتر
شه‌ویش هه‌ر
ئێواره چوومه
ژێر جێگاکه‌م
و هه‌نسکم دا
هه‌تا خه‌وم
لێ که‌وت. بریا
خه‌وی مه‌رگم
بوایه و هه‌ر
خه‌وم لێ نه‌که‌وتایه،
که‌س نازانێ
ئه‌و ڕۆژه
هه‌تا ئێواره
چۆن هه‌ر پێنج
چرکه جارێک
ده‌ڕۆیشتم
پۆشاکه‌کانی
ژێره‌وه‌م
ده‌شوت و هه‌ر
به ته‌ڕی له
به‌رم ده‌کردنه‌وه،
ئێستا ده‌زانم
چه‌ند گوناهبارم
که پێنج فه‌ڕزه،
هه‌ر به وانه‌شه‌وه
و به‌و شێوه‌یه
نوێژه‌کانیشم
ده‌کرد، چوار
ڕۆژ ئه‌وه
حاڵی من بوو،
که‌چی دواییش...
ــ دواییش
چی؟ تۆ خۆت،
هه‌تا ئێستا
له گوناهی
سێ‌و خواردنه‌که
دای، بۆ؟ ئه‌وانه‌ی
تۆیان پێ ترساندووه
سروشتی خۆی
و هه‌موو مێیینه‌یه‌کی
دیکه نه‌بووه،
یا خۆی له به‌رده‌می
تۆدا دووباره‌ده‌کرده‌وه،
وای پیشان ده‌دایت
له که‌سانی
دی باڵاتره.
هه‌ر به ڕاستی
وامده‌زانی
که‌سێکه هه‌موو
شتێک نه‌ک له
من به‌ڵکو له
هه‌موو ژنێکیش
زیاتره. هه‌میشه
له هه‌موو
له‌شی خۆمی
ده‌تۆقاندم.
نازانی که
سنگم کرده‌وه
نه‌ختێ به‌رز
بووه‌وه،
چۆن به تیله‌یه‌کی
چاو تێم ڕاما
و گوتی:
ــ به سنگ
و مه‌مک ژنێکی
ته‌واوی، به‌ڵام
نازانی خزمه‌تی
ماڵه‌که بکه‌یت
و چوار ئیشی
ڕێکوپێک بۆ
من بکه‌یت.
هه‌تا ئێستاش
پرسیاره‌کانی
من بێ وه‌ڵامن.
بۆیه وامده‌زانی
ئه‌وه‌ی ژن
بێت و پیر بێت،
ئه‌بێ ئه‌وانه‌ی
منی به سه‌ر
بێت. هه‌ندێ
جاریش وامده‌زانی
ته‌نها بۆ من
عه‌یبه و بۆ
خه‌ڵکی دی ئاسایی
یه. چونکه
زۆر جار که
سه‌یری ئاوێنه‌م
ده‌کرد، ده‌یانگوت
«دڵت په‌یدا
کردووه» ئیتر
به خۆمدا ده‌شکامه‌وه
دوای ئه‌وه
پارچه ئاوێنه‌یه‌کی
بچووک به ته‌نیشت
به‌رمیلی گه‌رماوه‌که‌مانه‌وه
دانرابوو،
له‌وێدا تێر
سه‌یری ده‌موچاوی
خۆم ده‌کرد
و، بۆ ئه‌و جیاوازییانه
ده‌گه‌ڕام
که «شوان»ی برامی
لای دایکم شیرین
کردووه و منیشی
نابووت کردووه.
بۆیه به‌رده‌وام
خۆم به که‌سێکی
که‌مسه‌ر و
زۆرجاریش نامۆ
ده‌بینی و هه‌تا
پازده ساڵییش
زۆرجار له
پووره‌کانم
ده‌پرسی دایکم
که‌ی شووی کردووه،
ئه‌ی من که‌ی
له دایک بووم؟
به‌دوای زه‌مه‌نێکی
وندا ده‌گه‌ڕام
که منی په‌یوه‌ست
کردووه به
ئه‌وێوه،
چونکه من خۆم
به خاوه‌نی
ئه‌وان و ئه‌و
زه‌مه‌نه‌ش
نه‌ده‌زانی.
ــ تۆ تاوانباری
به‌رامبه‌ر
به خۆت، هێنده
ده‌ترسای به‌رده‌وام
گۆشه‌گیر بوویت.
تێکه‌ڵاوی
کچه هاوه‌ڵه‌کانت
نه‌ده‌بووی
هه‌تا لێیانه‌وه
فێر بیت و بزانیت
که ئه‌وانیش
وه‌کو تۆن و
ئیتر سڵ له
سروشتی خۆت
نه‌که‌یته‌وه.
ده‌ترسام
ئه‌وان تێبگه‌ن
و به‌و شتانه
بزانن و بچنه
ماڵه‌وه هه‌موویان
پێ بڵێنه‌وه.
ئاخر دایکم
به نیوه‌ی
هاوپۆله‌کانمی
گوتبوو هه‌ر
شتێکتان لێ
بینی یا له
ڕێگا له‌گه‌ڵ
کوڕدا قسه‌ی
کرد خێرا وه‌رن
له ماڵه‌وه
به من بڵێنه‌وه
(جا ئه‌و کاته
چه‌ند شتی جوانتان
بۆ ده‌کڕم). ئیتر
دوای ئه‌وه
ئه‌گه‌ر تێکه‌ڵاویان
ببوومایه
ده‌بوو هه‌موو
شتێکیان به
قسه بکه‌م.
ته‌نانه‌ت
هه‌موو ڕۆژێ
پاره‌ی ڕۆژانه‌که‌میان
لێ ده‌سه‌ندم
خۆ ئه‌گه‌ر
ڕۆژێک پاره‌ی
ڕۆژانه‌م وه‌رنه‌گرتایه
و به وانم بگوتایه
پێم نییه،
وه‌رم نه‌گرتووه،
ده‌هاتنه
لای دایکم بۆختانیان
بۆ دروست ده‌کردم
که سزاکه‌ی
له‌وان زیاتر
بوو.
ئیتر به ته‌واوی
له هه‌موو
که‌س دوورکه‌وتمه‌وه
و ئێستا یه‌ک
هاوڕێم نییه
نه‌کچ، نه
کوڕ.
«به‌ڵام
تۆ چۆن به‌مانه‌ت
زانی، ئاخر
سه‌رم سوڕماوه،
من ناوه‌وه‌ی
خۆمم هه‌رگیز
نه‌درکاندووه
بۆ ئه‌وه‌ی
که‌س پێی نه‌زانێت
و لای که‌س ئاشکرا
نه‌بێت که‌چی
تۆ هیچت لا نهێنی
نییه».
ــ ئاخر گه‌ر
تۆش بتوێرایه
پراکتیکی ئه‌و
ڕاستییه بکه‌یت
که خواردنی
سێوه‌که گوناهـ
نه‌بووه به‌ڵکو
به مه‌عریفه‌کردنی
شته‌کان بوو،
ئێستا هیچت
لا نهێنی نه‌بوو.
«نا،
ئیتر ناترسم
هه‌موو ئه‌و
شتانه‌ی لام
پیرۆزن به‌رجه‌سته‌یان
ده‌که‌م، ئیتر
بڕیارده‌ده‌م
بۆ خۆم بژیم
نه‌ک بۆ خه‌ڵک...
بڕیار ده‌ده‌م
ڕووبه‌ڕووی
هه‌موو سروشت
ببمه‌وه،
نه‌ک ته‌نها
سروشتی خۆم،
یا چاکتر وایه
بۆ ئه‌وه‌ی
له هیچ شتێک
نه‌ترسم، ئه‌مڕۆ
له به‌رده‌می
ئاوێنه‌یه‌کدا
خۆم ڕووت ده‌که‌مه‌وه،
به وردی له
خۆم ڕاده‌مێنم
هه‌تا هه‌موو
سڵکردنه‌وه‌کانم
ده‌ڕه‌وێنه‌وه».
ئه‌وه‌ی تا
ئه‌وده‌میش
نه‌مده‌زانی
کێ یه، جارێکی
دیش ده‌نگی
لێ هه‌ڵبڕی
و گوتی:
ــ ئه‌ی ده‌به‌نگ،
هه‌نووکه
ئه‌وه‌نده
ئازایت؟ حه‌ز
ده‌که‌م خه‌ڵاتێکی
گه‌وره‌ت بکه‌م،
که به خۆتدا
چوویته‌وه
به زه‌مه‌نیشدا
بچۆره‌وه،
ئه‌و کات وه‌کو
ده‌ڵێی سه‌یری
ئاوێنه بکه.
ــ ئاوێنه؟
بۆ من باسی ئاوێنه‌م
کردووه؟
وه‌کوو وشه‌کانی
دایکم، له
وشه‌ی ئاوێنه‌ش
ده‌ترسام،
بۆیه خۆم سه‌رقاڵ
کرد به ڕوانین
به هه‌ر چوار
لای خۆمدا. ئه‌و
کورسییه‌ی
هه‌میشه دایکمی
له سه‌ر داده‌نیشت
و، لفکه‌ی ده‌چنی
و فه‌رمانی
به سه‌ر مندا
ده‌رده‌کرد
هه‌تا هه‌موو
کاره‌کانی
ناوماڵی پێ
ته‌واو ده‌کردم،
دایکمی له
سه‌ر نه‌مابوو،
سه‌نده‌ڵییه‌که‌ش
به ته‌واوی
قاچه‌کانی
ڕزیبوون و یه‌کێکیشیان
که‌وتبوه
خوارێ.
ئه‌و ڕیزه
لفکه‌ش به‌رده‌وام
به ته‌نافی
به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌که‌دا
هه‌ڵی خستبوون،
نه‌ک خۆیان
شوێنه‌واری
ته‌نافه‌که‌ش
نه‌مابوو.
ماڵێکی ئارام
و بێده‌نگ. وه‌کو
ئه‌وه‌ی سه‌ده‌یه‌ک
بێت. هیچ زینده‌وه‌رێک
ڕووی تێنه‌کردبێ،
ژووره‌که‌م
هه‌موو گه‌چه‌که‌ی
هاتبوه‌خواره‌وه.
به‌رده‌کانی
ده‌رکه‌وتبوون.
سه‌ماوه‌ره‌که‌ش
له‌گه‌ڵ ده‌سکی
په‌نجه‌ره‌کان
به شێوه‌یه‌ک
ژه‌نگ دایڕزاندبوون،
پروش پروش ده‌وه‌رینه‌خواره‌وه.
ده‌ستێکم
هێنا به سه‌رمدا
و، ویستم ئاوێنه
شکاوه‌که
بهێنم و له
دیمه‌نی خۆم
بڕوانم، که‌چی
دوو پرچی سپیم
بینی به سه‌ر
سنگمدا شۆڕ
ببوونه‌وه،
له‌و ته‌ماشاکردنه‌ش
په‌شیمان بوومه‌وه،
خێرا به په‌له
پرچه‌کانم
خسته ژێر ملیوانی
کراسه‌که‌مه‌وه
و شاردمه‌وه.
دیسان ئه‌و
ده‌نگه چه‌ند
چرکه‌یه‌ک
بوو وازی لێنه‌هێنابووم
له‌و سه‌غڵه‌ت
و ڕێگه‌پێگرتنه
به ڕسته ڕه‌قه‌کانی
دووباره هه‌ڵی
دایه‌وه و
گوتی:
ــ تۆ درۆ له‌گه‌ڵ
خۆشتدا ده‌که‌یت،
ئه‌وه‌تا ڕابردوو
له ژێر ملیوانی
کراسه‌که‌ته‌وه
ئاودیو ده‌که‌یت.
ــ تۆ... تۆ کێیت،
خۆ جادووگه‌ر
نیت ئاگاداری
هه‌موو شتێکمی.
ــ من ده‌نگی
ئه‌وێم... ئه‌وێ
ناخت، ئه‌و
ناخه‌ی که
ته‌نها به
ڕسته‌ی کریستاڵی
گوزارشتی لێ
ده‌که‌ین و
ئه‌و ڕستانه‌ی
زۆر له پراکتیکیان
دوورده‌خه‌یته‌وه،
ئه‌و ناخه‌ی
له‌گه‌ڵ سێبه‌ره‌که‌تدا
لێت هاتوونه
زمان.
هه‌نگاوه‌کانم
شێلگیرانه
گه‌یاندمیانه
به‌رده‌می
په‌نجه‌ره‌که
و نه‌ختێک شیپانه‌که‌م
لادا و سه‌یرێکی
ده‌ره‌وه‌م
کرد. به بیرم
نایه، چه‌ند
ساڵ پێشتر له‌و
په‌نجه‌ره‌یه‌وه
سه‌یری ده‌ره‌وه‌م
کردبوو، ئه‌وه‌ی
له زاکیره‌مدا
مابوو، ئه‌و
چه‌ند گۆڕه
بوو به دامێنی
گرده‌که‌ی
به‌رامبه‌ری
ماڵه‌مانه‌وه
بوو، که جارجار
به ده‌م سه‌عی
کردنه‌وه
سه‌یرێکی ده‌ره‌وه‌م
ده‌کرد و دایکیشم
خێرا لێم تووڕه
ده‌بوو. دواییش
خۆی له په‌نجه‌ره‌که‌وه
به هه‌ر چوار
لادا چاوی ده‌گێڕا،
ده‌یگوت بزانم
کێت لێوه دیاره.
ئه‌وکات،
دیمه‌نی گژوگیا
بووبوون به
ڕووپۆشی گۆڕه‌کان
و سه‌رنجی ڕاده‌کێشام،
که وێنه‌ی
پۆلێ دۆمینه
ئه‌ملا و ئه‌ولای
ئه‌و شێوه
بچووکه‌ی گرتبوو،
ئه‌و شێوه‌ی
به لای هه‌ردوو
گرده‌که‌دا
ده‌ڕۆیشت،
به‌ڵام ئێستا
ببوه مه‌مله‌که‌تی
مردووان، نه
گوڵاڵه و نه
گژوگیای، وه‌کو
جارانه؟ هێنده‌ی
گۆڕ لێ دراوه
مردووان جێگه‌یان
به گوڵاڵه
و سروشتیش لێژ
کردووه، ئه‌ڵێی
چنینی ئه‌ته‌مینن
هێنده لێکه‌وه
نزیکن، له‌وانه‌یه
له ژێره‌وه
دوو که‌س له
گوڕێکدا بن،
که هه‌رگیز
له ژیاندا
به‌یه‌که‌وه
هه‌ڵیان نه‌كردووه.
له ناوه‌ڕاستیشیاندا
ئه‌وه گۆڕێکی
بۆره که به
سه‌ر خۆڵه‌مێشیدا
ده‌یڕوانی،
دیار بوو پێشتر
سپی بووبوو،
له به‌ر کۆنی
وای ده‌نواند
ئه‌و ڕه‌نگه‌ی
گرتبوو، له
سه‌ر کێله‌که‌ی
و ڕێک به‌رامبه‌ر
په‌نجه‌ره‌که‌ی
ماڵه‌وه‌مان
ناوی دایکمی
له سه‌ر نووسرابوو...
ئایاری 1988
•
• •
|
چاپی ده‌ق

|
|
|